بانکی ناوەندی و نرخی نوێی دۆلار

بانکى ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممە 8-2-2023،  نرخى 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار دەخرێتەوە بازاڕەوە، ئەم بڕیارەى بانکى ناوەندى پاش بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق هات کە بەهاى 100 دۆلارى بە 130 هەزار دینار دیاریکرد.

راستەوخۆ دواى بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزیران نرخى دۆلار دابەزى و ئێستا لە بازاڕەکانى عێراق 100 دۆلار لە بەرامبەر 150 هەزار دینار مامەڵەى پێوەدەکرێت، بەڵام چەند خولەکێک دواى بڕیارەکە بەهاى دۆلار زیاتر دابەزى بەشێوەیەک لە بۆرسەى بەغداد و بەسرە گەیشتە 144 هەزار دینار.

دواى بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزیران و بانکى ناوەندى، چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ لەگەڵ کردنەوەى بۆرسەى عێراقدا بەهاى دۆلار زیاتر دابەزێت بەوپێیەى لەکاتى داخستنى بۆرسەدا بەهاى 100 دۆلار لە 157 هەزارەوە دابەزى بۆ خوار 150 هەزار دینار.

حکومەتى عێراق چۆن بڕیارەکەى دا؟

لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقدا پێشنیازێکى بانکى ناوەندی بۆ دابەزاندنى بەهاى دۆلار بەرامبەر دینار تاوتوێکراوە و لە دەرەنجامدا ئەنجومەنى وەزیران پێشنیازەکەى پەسەند کردووە بە جۆرێک بەهاى 100 دۆلار لە 146 هەزار دینارەوە داببەزێنرێت بۆ 130 هەزار دینار.

ئەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیران کە دەخرێتە نێو پڕۆژەیاساى بودجەى 2023ەوە، پێویستە لەلایەن پەرلەمانى عێراقیشەوە پەسەند بکرێت بۆئەوەى فرۆشتنى دۆلار بە 130 هەزار دینار بەردەوام بێت.

نەرمین مەعروف ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە زوومى راگەیاند، پێشبینى دەکرێت ئەو نرخەى دیاریکراوە لە یاساى بودجەدا پەسەند بکرێت.

نەرمین مەعروف گوتیشى سەربارى ئیجابیاتى بڕیارەکە بەڵام دەبێت پەرلەمان بەدواداچوون بکات بۆئەوەى دڵنیابێتەوە کە ئەم گۆڕانکارییە لە نرخى دۆلاردا نابێتەهۆى کورتهێنان لە بودجەدا.

ئەم بڕیارەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لەکاتێکدایە پێش ساڵى 2020 بەهاى 100 دۆلار بەرامبەر بە 119 هەزار دینار بوو، بەڵام لە سەردەمى پەتاى کۆرۆنادا بەهۆى قەیرانى دارایی و دابەزینى نرخى نەوتەوە، بانکى ناوەندی بەهاى دینارى دابەزاند و نرخى 100 دۆلارى کرد بە 146 هەزار دینار.

زیاتر لە دوو مانگە نرخى دۆلار لە بازاڕەکانى عێراق لە دۆخێکى ناجێگیردایە، سەبارى ئەوەى بانکى ناوەندى 100 دۆلارى بە 146 هەزار دینار دەفرۆشت، بەڵام نرخەکەى لە بازاڕدا بە رێژەیەکى بەرچاو بەرزببوەوە تا گەیشتە 175 هەزار دینار.

بەڵام نزیکەى هەفتەیەکە نرخى دۆلار رووى لە دابەزین کردووە و ئەمڕۆش، بۆیەکەمجار پاش 22 رۆژ نرخی 100 دۆلار دابەزی بۆ 157 هەزار دینار، ئەمە پێش ئەوەى بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دەربچێت.

لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ شاندێکى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتى فوئاد حسێن جێگرى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى ئابورى بەرەو واشنتن بەڕێکەوتن کە ئامانجى سەرەکى سەردانەکە بۆ کۆبوونەوەیە لەگەڵ بانکى فیدراڵى و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا لەسەر بابەتى دۆلار، ئەوە لەکاتێکدایە هەینى رابردووش هەر لەسەر ئەو پرسە پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ شاندێکى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆبووەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button