دۆسیەی وزە، هۆی سەردانەکەی لاڤرۆڤە بۆ عێراق

زووم، ئاژانسەکان:

پاشئەوەى ئێوارەى دوێنێ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە بەغداد، بەیانى ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانى لەگەڵ بەرپرسانى عێراق دەستپێکرد.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق، کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسى هاوبەشیان ئەنجامدا، لاڤرۆڤ رایگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان عێراق و رووسیا لە بەغداد دەست بە گفتوگۆدەکەن لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و زیادکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە عێراق.

گوتیشى، کورسی خوێندن بۆ خوێندکارانی عێراقی لە رووسیا زیاتر دەکەن، هاوکات جەختیان کردووەتەوە لەسەر هەماهەنگی بەردەوامى نێوان بەغداد و مۆسکۆ لەسەر دۆسیەکانى ناوچەکە بە تایبەت هەماهەنگى لەسەر دۆسیەی فەڵەستین.

فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراقیش رایگەیاند، عێراق و رووسیا پەیوەندییەکی مێژوویی بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، “هاوکار و هەماهەنگی یەکین لە بواری ئابوری و ئاسایشدا”.

لاڤرۆڤ: سوپاسى عێراق دەکەین کە داواى ئاشتى دەکات لە نێوان رووسیا و ئۆکرایندا

جەنگى رووسیا و ئۆکراین بەشێکى قسەکانى کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکە بوو، فوئاد حسێن رایگەیاند، هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە جەنگ روونە “ئێمە داوای راگرتنی جەنگی رووسیا و ئۆکراین دەکەین، داواکارین بە گفتوگۆ ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن”.

لە بەرامبەردا لاڤرۆڤ گوتی: “پشتگیری هەڵوێستی عێراق دەکەین بۆ داواکردنی ئاشتی لە نێوان رووسیا و ئۆکراین”.

هەروەها فوئاد حسێن لە پەراوێزی کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکە رایگەیاند، رۆژى چوارشەممە سەردانی واشنتن دەکەن بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەبارەى چەند پرسێک.

بڕیارە دواى بەغداد، وەزیرى دەرەوەى روسیا بگاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە.

لاڤرۆڤ کە لە دواى ساڵى 2019ەوە سەردانى عێراقى نەکردووە، لە سەردانەکەى ئەمجارەیدا سەرۆکایەتى شاندێکى حکومەت و کۆمپانیا روسییەکان دەکات بە تایبەت لە بوارى نەوت و گاز و وزە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button