ئەو زیندانیانەی لێبوردنەکەى خامنەیی نایانگرێتەوە کێن؟

زووم:

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رەزامەندی دەربڕى لەسەر دەرکردنی لێبوردنی گشتی بۆ بەشێک لە دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە، بەڵام گروپێک لە زیندانیان لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە.

ئاژانسی “تەسنیم”ـی سەر بە سوپای پاسداران ئاشکرایکرد، خامنەیی رەزامەندی دەربڕیوە کە بەگوێرەی پڕۆژە بڕیارێکى دەسەڵاتی دادوەریی، لێبوردنی گشتی بۆ بەشێک لە دەستگیرکراوانی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی ئەمدواییەی سەرتاسەری ئێران دەربکرێت.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران پێشنیازى لێبوردنەکەى کردبوو

غولامحسێن موحسینی ئاژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران

غولامحسێن موحسینی ئاژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران چەند رۆژ لەمەوبەر پڕۆژە بڕیارێکی بۆ خامنەیی نارد و تێیدا باسى لەوەکردبوو کە بەشێک لە دەستگیرکراوەکان بە تایبەتی گەنجان، بەهۆی کاریگەری “دوژمن” رەفتاری نادروست و تاوانیان ئەنجامداوە و بوونەتە هۆی نیگەرانی خانەوادە و نزیکەکانیان.

بە گوتەى ئاژەیی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە پەشیمانی خۆیان دەربڕیوە و باسیان لەوەکردووە بەگوێی “دوژمنانی بیانی” و “کەسانی دژە شۆڕش”ـیان کردووە و داوایان کردووە کە دەوڵەت لێیان خۆش ببێت.

لە پڕۆژەکەى سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێراندا چەند گروپێک لە زیندانیان لێبوردنە گشتییەکەى خامنەیی نایانگرێتەوە کە لەم کەسانە پێکدێن: ئەوانەی بازرگانییان بە چەک و تەقەمەنی کردووە، تاوانبارانى کوشتن و بریندارکردنى بە ئەنقەست، ئەوانەی راستەوخۆی پەیوەندییان بە دەزگا سیخوڕییەکانەوە هەیە، ئەوانەی تاوانی دزیان ئەنجامداوە و باندی دزیان پێکهێناوە، تاوانبارانی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر، تاوانبارانی گەندەڵی و لەشفروشی، قاچاخچییەکانى خواردنەوە کحولییەکان، قاچاخچییەکانى کاڵا و دراو، ئەوانەی هەوڵی پەکخستنی سیستمی ئابوریان داوە و ئەو کەسانەی ئاسایشی دەوڵەتی ئێرانیان لە دەرەوە و ناوخۆدا خستووەتە مەترسییەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button