سەرکردەکانى یەکێتى ئەوروپا لە کیێڤ کۆدەبنەوە

پێنج فایل لەسەر مێزى کۆبوونەوەکە دەبێت

زووم، ئاژانسەکان:

سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا گەیشتنە کیێڤى پایتەخت، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی ئۆکراین، لەبارەى ئەو جەنگەى ماوەى ساڵێکە بەرۆکى ئۆکراینییەکانى گرتووە؛ پێنج فایل لەسەر مێزى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیان دەبێت.

رۆژى پێنجشەممە، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتى ئەوروپا، پێش سەرکردەکانى یەکێتییەکە بە لەرێگەى شەمەندەفەر گەیشتە کیێڤ، کە گەشتێکی رەمزییە بۆ نیشاندانی پشتیوانی لە ئۆکراین.

کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ هەیینى بەڕێوەدەچێت، سەرکردەى 27 وڵاتى یەکێتییەکە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین کۆدەبنەوە.

ئۆکراین، نزیکە لە ساڵڕۆى دەستپێکردنى جەنگەکەى، کە بەرەبەیانى 20ى شوباتى 2022 روسیا هێرشەکانى بۆسەر خاکەکەى دەستپێکرد.

پێنج فایل لەسەر مێزى کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەبێت:

یەک: جەختکردنەوە لە پشتیوانی یەکێتى ئەوروپا بۆ ئۆکراین، دابینکردنى چەک و مەشق و راهێنان بە سەربازانى ئۆکراین

دوو: سەپاندنى سزاى نوێ بەسەر روسیادا

سێ: ئاسایشی خۆراک

چوار: ئاوەدانکردنەوەى ئۆکراین لە رێگەی بەرنامەیەکی نوێی هاوکاری دارایی

پێنج: پرسی ئەندامبوونى ئۆکراین لە #یەکێتى ئەوروپا

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکى ئۆکراین لە گوتاری ڤیدیۆیی شەوی پێنجشەممەدا باسی کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆکى کۆمسیۆنى یەکێتى ئەوروپا کرد و گوتی گەیشتینە لێکتێگەیشتنێکی زۆر گرنگ بۆ یەکتر، پێکەوە “ئۆکراینێکى بەهێز و یەکێتی ئەوروپای بەهێز” دەتوانێت بەرگری لە بەهاکانى ژیان بکات.

کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى سەرکردەکانى یەکێتى ئەوروپا یەکەم کۆبوونەوەى لەم شێوە دەبێت لەدواى هێرشەکانى روسیاوە کە لە ئۆکراین بەڕێوەبچێت.

وڵاتانى نێو یەکێتی ئەوروپا بەدرێژایی جەنگەکە پشتگیری سیاسی، ئابوری و سەربازییان پێشکەش بە کیێڤ کردووە.

ڤۆن دێر لاین، سەرۆکى کۆمسیۆنى یەکێتى ئەوروپا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لە کییڤ گوتى، سزاکانی ئێستا ئابوری روسیا “دەشێوێنن و پاشکەشە”ـى پێدەکات.

دیارترین داواکاری و ئامانجى ئۆکراین ئەندامبوونێتى لە یەکێتى ئەوورپا، بەڵام لەپاڵ بەربەستە نێودەوڵەتییەکان، پرسی گەندەڵیش بووەتە بەربەستێکى نوێ، کە بەمدواییە بەرپرسێکى باڵاى ئۆکراین لەپرسی گەندەڵیدا تێوەگلا لەکاتێکدا وڵاتەکە لە جەنگدایە.

سەرکردەکانى یەکێتى ئەوروپا جەخت لە پێویستى رێوشوێنى زیاترى دژە گەندەڵی دەکەنەوە. بۆیە چاوەڕێ ناکرێت بەمنزیکانە ئۆکراین بگات بە خەونەکەى، کە ئەندامبوونێتى لە یەکێتییەکە، سەرەڕایی پشتیوانى ئاشکرای یەکێتییەکە بۆ وڵاتەکە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button