سەرۆکی ئۆپیک: ئێمە نرخى نەوت دیارى ناکەین

"بڕیارەکانمان لە لەبەرژەوەندی هیچ وڵاتێکدا نییە"

کەناڵی جەزیرە

گابرێل لیما، سەرۆکی ئۆپیک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى جەزیرە رایگەیاند، کۆنترۆڵکردنى نرخى نەوت لە دەسەڵاتى ئێمەدا نییە.

کەناڵی جەزیرە: ئایا هیچ هەنگاوێک دەنێن بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت یان هەر پابەند دەبن بەو کەمکردنەوەیەی کە بەم دواییانە راگەیەندرا؟

لیما: پێموایە ئەو رێکارانەی کە لە هەردوو رێکخراوی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس گرتومانەتەبەر، چاودێریکردن بووە، بۆچی دەڵێم چاودێریکردن؟ چونکە لە بازاڕدا زۆر نادڵنیایی هەیە کە روودەدات، هەموو شتێک بە مانگ، بە هەفتە، بە ڕۆژ دەگۆڕێت و ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە چاودێرییکردنە، بزانین لە بازاڕدا چی روودەدات، باشترین نموونە کە پێتان بڵێم کرانەوەی چینە بە تایبەت دوای سوککردنی رێکارەکانی کۆرۆنا، نموونەیەکی دیکە ململانێی نێوان روسیا و ئۆکراینە، ئەمانە هەموو هۆکارن کە ئێمە پێکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین بۆئەوەی بڕیاربدەین لە داهاتوودا دەبێت چی بکەین.

دەمەوێت شتێکتان بیر بخەمەوە، شتێک کە ئۆپیک کۆنترۆڵی ناکات نرخی نەوتە، ئەوەی ئۆپیک دەیکات دڵنیابوونەوەیە لەوەی خستنەڕوو و خواست لەسەر نەوت لە ئاستێکی هاوسەنگدابن، بۆیە زۆر گرنگە ئێمە چاودێریی ئەوە بکەین ئایا بەکارهێنەر بڕی پێویستی نەوتی بەدەستدەگات یاخود نا،  با ئێمە لە سەرەتادا داتاکانمان لەبەردەستدا بێت و بزانین لە رێگەی ئەو کرانەوە ئابوورىیە نوێیەی چینەوە چی روودەدات، ئەوکاتە دەتوانین بڕیار بدەین کە چی بکەین.

کەناڵی جەزیرە: کەواتە، ئایا ئەمە بەو مانایە دێت کە پرسی سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت لە میانی کۆبوونەوەی ئۆپیک لە 1ی شوبات (ئەمڕۆ) تاوتوێ دەکرێت؟

لیما: ئەوەی من دەیڵێم ئەوە نییە کە بەرەوپێشچوون لە دۆخەکەدا نەبێت، بەڵکو زۆر هۆکار هەن کە پێویستە لەبەرچاویان بگرین، لەوانە ئەندامە سەرەکییەکانی ئۆپیک وەکو ڤەنزوێلا، ئێران و لیبیا کە ئاستەنگی زۆریان لەبەردەمدایە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، رۆژێک نەوت بەرهەم دەهێنن و رۆژێکی دیکە کێشەیان هەیە، هەربۆیە پێش ئەو کۆبوونەوەیە ئێمە کۆبوونەوەیەکی ناوخۆییمان هەیە کە تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو جۆرە ئاستەنگانە دەکەین.

ڤەنزوێلا، ئێران و لیبیا رۆژێک نەوت بەرهەم دەهێنن و رۆژێکی دیکە کێشەیان هەیە

ئەوەی کە لە ئێستادا دەبینرێت ئەوەیە کە جیهان پێویستی بە نەوت هەیە بۆئەوەی بتوانێت لە گەشەکردنی ئابوورى بەردەوام بێت، بەمانایەکی دیکە، بۆئەوەی جیهان بتوانێت بەردەوام بێت لە گەشەکردن، پێویستە دڵنیا بین لەوەی کە دەتوانین بەردەوام بین لە خستنەڕووی پێویست، ئەمە تەنها لەلای ئۆپیکەوە چاودێریی ناکرێت، بەڵکو لە وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیکیشدا ئەمە پەیڕەوی دەکرێت، بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا پێمان دەڵێت کە جیهان پێویستی زیاتری بە بەرهەمهێنانی نەوت هەیە، بۆیە پێویستە بە روونی دڵنیا بین کە ئایا دەتوانین بەردەوام بین لە دابینکردنی بەرهەمی پێویست بۆ بازاڕەکانی جیهان یاخود نا، بۆیە زیادکردنی بەرهەمەکە بۆ بوژانەوەی ئابووریی زۆر زیاتر پێویستە وەک لە سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی.

کەناڵی جەزیرە: ئەی بۆچی ئەمریکا ئۆپیک تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە بەرژەوەندی روسیادا بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە؟

لیما: یەکەم: ئۆپیک رێکخراوێکی سیاسی نییە، دووەم: ئۆپیک لەگەڵ کەسدا ناکۆکی نییە، ئەوەی ئۆپیک دەیکات کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر لایەنی بەرهەمهێنەر و لایەنی بەکارهێنەری نەوت، دواتر لەبارەی دابینکردنی نەوتەوە بڕیاردەدات، بڕیارەکانیشی سیاسی نین و لەبەرژەوەندی هیچ وڵاتێکدا نییە، بۆیە ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن ئێمە لایەنگری لایەنێکی دیاریکراو دەکەین، نا بەرپرسیارانەن، ئەوەی ئێمە و هەموو لایەنێک دەیەوێت ئەوەیە بەرهەمێکی سەقامگیرمان بەردەست بێت.

ئۆپیک رێکخراوێکی سیاسی نییە، لەگەڵ کەسدا ناکۆکی نییە

گابرێل لیما، سەرۆکی ئۆپیک

کاتێک سەقامگیریی بەرهەمەکانت هەبێت، دەتوانیت ئابوورییەکی باشتر بەڕێوەببەیت، ئێمە سەقامگیرییمان دەوێت، جا ئەو سەقامگیرییە بۆ نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە 20، 80 یان 100 دۆلاردا بێت کێشە نییە، گرنگ ئەوەیە کە تۆ دەتەوێت بۆ ماوەیەکی درێژتر ئەو سەقامگیرییە بەردەوام بێت، چونکە ئاوا دەتوانیت دۆخەکە بەڕێوەببەیت، کەواتە هەر پرسێک سەبارەت بەوەی ئۆپیک دژی ئەم یان ئەوی دیکە بێت، لە قسە و باس زیاتر هیچی دیکە نییە، دەبێت شتێکتان لەبیر بێت، ئەوانەی کە لەپشت ئەو دەنگۆیانەوەن بازرگانەکانن، ئەوان هۆکاری ئەوەن کە ناجێگیری لە نرخی نەوتدا دروست ببێت، ئۆپیک ناجێگیری ناوێت. ئۆپیک هەڵسەنگاندن بۆ داتاکان دەکات و هەر شتێک داتاکان پێمان بڵێن ئێمە لەسەر ئەوە بڕیار دەدەین.

کەناڵی جەزیرە: شەڕی روسیا و ئۆکراین چۆن کاریگەری لەسەر کەرتی وزە و ئابووری جیهان هەبووە؟

لیما: من لە یەک کاتتدا سەرۆکی ئۆپیک و سەرۆکی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غازم (GECF)، بۆیە بابەتەکە پەیوەندی بە نەوت و غازیشەوە هەیە، ئێمە کاریگەرییمان لەسەر غاز و نەوتیش هەیە، کێشەکە ئەوەیە کە هەندێک کەس پێیانوایە کە گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەم لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە زۆر ئاسانە، رەنگە وڵاتێک بڵێت “من سوتەمەنی لەوە ناکڕم، لەوەی دیکە دەیکڕم”، بەڵام ئەوەی کە لەبیریان دەچێت ئەوەیە کە زۆرێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەر رێککەوتنی درێژخایەن لەگەڵ ئێمەدا واژۆ دەکەن و هەندێکیش لەو بریکارانە بەوەفا و پابەند دەبن بە رێککەوتنەکان.

بۆ نموونە کاتێک ئەوروپا دەڵێن نەوت یان غازمان دەوێت، دەڵێین باشە، بەڵام ئێمە کڕیاری درێژخایەنمان لە ئاسیا هەیە کە پارەی ئەم هەموو ساڵەی داوە و ئێوەش داوای ئەو بەرهەمە دەکەن کە بە ئەوانی دەفرۆشین؟ هەربۆیە داوایان لێدەکەین هەمان گرێبەستی درێژخایەن، وەک کڕیارەکانی دیکە، واژۆ بکەن.

بۆ هەموو ئەندامانی ئۆپیک چارەسەرەکە تەنها ئاشتییە، شەڕ چارەسەر نییە

پێموایە بۆ هەموو ئەندامانی ئۆپیک چارەسەرەکە تەنها ئاشتییە، شەڕ چارەسەر نییە، چونکە پێویستە سەقامگیریی دروست بکەین، لەنێو هەموو ئەم پرسانەدا تاکە شتێک کە روونە ناجێگیرییە، ئێمەش ناجێگیرییمان ناوێت، ئێمە سەقامگیرییمان دەوێت، چونکە لە سەقامگیریی سووتەمەنیدا دەتوانیت لە رێگەی ئاشتییەوە وەبەرهێنان بکەیت، دەتوانیت گەشە بکەیت.

جەنگی روسیا و ئۆکراین کاریگەریی لەسەر هەموو لایەک هەیە، لەبەر ئەوەی روسیا دابینکەرێکی سەرەکی بەرهەمە پاڵاوتەکانی وەک گازوایل بووە، نەتوانینی روسیا بۆ هەناردەکردنی گازوایل کاریگەری لەسەر هەموو لایەک هەیە، پەیامی سەرەکییمان ئەوەیە کە ئاشتی تاکە چارەسەری ئەم ناسەقامگیرییەیە لە بازاڕی نەوتدا، تا زووتر بتوانین چارەسەری ئەم ململانێیە بکەین، باشتر دەتوانین سەقامگیریی بگێڕینەوە و بەردەوام بین لە گەشەکردن و دروستکردنی هەلی کار.

هەواڵی زیاتر

Back to top button