ژمارەى کوژراوانى تەقینەوەکەى پاکستان گەیشتە 93 کەس

زۆرینەیان کارمەندى پۆلیسن

زووم، ئاژانسەکان:

بەرەبەیانى ئەمڕۆ ژمارەى کوژرانى تەقینەوە خۆکوژرییەکەى پاکستان بەرزبووەوە بۆ 93 کەس. زانیارییەکان سەرچاوە پزیشکییەکان بە میدیاکانی پاکستان داوە.

تەقینەوەکە نیوەڕۆى دوێنێ لەنێو مزگەوتی پۆلیس لە شاری پێشاوەر لە باکوری رۆژئاوای پاکستان رویدا.

شەوى رابردوو بەرپرسانى وڵاتەکە رایانگەیاند، 61 کەس کوژراون لەگەڵ برینداربوونى 155 کەسى دیکە، بەڵام بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئامارەکە بەرزبووەوە.

زۆربەی قوربانییەکان کارمەندى پۆلیسن، بەو پێیەی ئەو مزگەوتەى کرایە ئامانج، دەکەوێتە نێو کۆمەڵگەى پۆلیس لە شارى پێشاوەر.

مزگەوتەکە 400 نوێژخوێنى تێدابووە

پۆلیسى پێشاوەر رایگەیاند، پێدەچێت هێرشبەرەکە چەند خاڵێکی پشکنینی تێپەڕاندبێت.

ئیجاز خان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پێشاوەر بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، “تەقینەوەیەکی خۆکوژی بووە”، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرینەى بریندارەکان تەندروستیان ناجێگیرە.

هاوکات ئیجاز خان، بە رۆژنامەنووسانیشی گوت، شوێنەواری تەقەمەنیمان دۆزیوەتەوە؛ خۆکوژەکە لە رێگەی پارێزراوترین شوێنەوە “دزەى” کردووە بۆ نێو مزگەوتەکە.

بەگوتەى بەڕێوەبەرى پۆلیس مزگەوتەکە نزیکەی 400 نوێژخوێنی تێدابووە، زۆرینەى کوژراوەکانیش کارمەندى پۆلیسن.

بەگوێرەى ئاژانسی ئەسیۆشییەتد پرێس، یەکێک لە سەرکردەکانی تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت، بەڵام محەمەد خوراسانی، گوتەبێژی بزوتنەوەکە رەتیکردەوە.

خوراسانی ئاماژەی بەوەدا، سیاسەتی ئەوان نییە مزگەوتەکان، قوتابخانە ئایینیەکان یان هەر شوێنێکی ئایینی بکەنە ئامانج.

دەشڵێت، ئەوانەی دەستیان لەم جۆرە هێرشانەدا هەیە، بەگوێرەى سیاسەتی بزوتنەوەکە روبەڕوی سزا دەکرێنەوە

شێهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە تویتێکدا نوسیویەتی “گەورەى کارەساتەکە تەسەور ناکرێت”.

ئەو، سوێندی خواردووە “رێوشوێنی توند” بەرامبەر ئەو کەسانەی لە پشت هێرشەکەوە بوون بگرێتەبەر، هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی و گوتی ئازارەکانیان “ناتوانرێت بە وشە وەسف بکرێت”.

خواجە ئاسیف، وەزیری بەرگری پاکستان راگەیاند “بۆمان دەرکەوت ئەو تیرۆریستە لە ریزی یەکەمی نوێژخوێنان وەستاوە”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button