بۆپار: 72٪ی گەنجان لەگەڵ خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغاندا نین

بەگوێرەی ئەنجامەکانی راپرسییەک لە تورکیا، 65٪ی گەنجان دەنگ بە هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن دەدەن و 72٪ی گەنجانیش لەگەڵ خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغاندا نین.

کۆمانیای لێکۆڵینەوەی “بۆپار”، کە یەکێکە لە کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکانی تورکیا، راپرسییەکی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لەنێو چینی گەنجاندا ئەنجامداوە.

راپرسییەکەی بۆپار لە 10 پارێزگای تورکیا ئەنجامدراوە، دوو هەزار و 780 گەنج بەشدارییان تێیدا کردووە.

بەگوێرەی ئەنجامەکانی راپرسییەکە، 70٪ی بەشداربووان دڵخۆش نین بە دۆخی ئێستای تورکیا، 17% دڵخۆشن بە دۆخەکە و 13%یش گوتوویانە “ژیانمان ئاساییە”.

77٪ی بەشداربووان ئارەزووی خۆیان نیشانداوە لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، 12%یش بە پێچەوانەوە، 11%ەکەی دیکەش “هێشتا بڕیاریان نەداوە”.

لە بەشێکی دیکەی راپرسییەکەدا، پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دەنگ بە چی پارتێک دەدەن، 65٪ی گەنجان گوتوویانە دەنگ بە هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) دەدەن، 23٪ هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) و 12٪ بۆ پارتەکانی دیکە.

هەروەها پرسیار لە گەنجان کراوە، کە ئایا پێیان باشە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە؟ 72٪ی بەشداربووان بە “نەخێر” وەڵامیان داوەتەوە، 20.5٪ لەگەڵ خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغاندا بوون و 7.5٪ “بیریان لێ نەکردووەتەوە”.

راگەیاندنی ئەنجامەکانی ئەم راپرسییە لە کاتێکدایە، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە، شەوی رابردوو لە بەرنامەی “مێزی سەرۆکەکان”ی خەڵک تی ڤی تورکیدا ئاشکرایکرد، هاوپەیمانیی گەل رۆژی 13ی شوبات لە بارەگای پارتی سەعادەت کۆدەبێتەوە و دوای کۆبونەوەکە، کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن ئاشکرا دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، مشتومڕێکی زۆر لەبارەی دووبارە خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەیە و دەسەڵات سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی ئەردۆغان و ئۆپۆزسیۆنیش بە هەنگاوێکی نایاسایی و پێشێلکردنی دەستووری بنەڕەتی ناوی دەبات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button