بۆچی سعودیە نایەوێت ئێران بکەوێت؟

ریاز هەوڵدەدات کەڵک لە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانى ئێران وەربگرێت بۆ کەمکردنەوەى ئیمتیازاتی جیۆپۆلەتیکی تاران، نەک گۆڕینی رژێم

زووم، گۆڤارى فۆرین پۆلیسی

Why Saudi Arabia Doesn’t Want Iran’s Regime to Fall

لە 16ی ئەیلولی 2022، کچێکى گەنجی کوردی ئێرانی بە ناوی ژینا ئەمینی دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە، بەهۆی ئەوەی گوایە پۆشاکەکەی گونجاو نەبووە، گیانی لەدەستدا. لەو کاتەوە ناڕەزایەتییەکان ئێرانیان هەژاندووە. بزووتنەوەی جەماوەریی لە سەرەتادا لەسەر داواکارییەکانی هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ناچاری و هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاق خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا. بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا مەودای خۆپیشاندانەکان فراوانتر بووە و خۆپیشاندەران داوای مافی کەمینەکان و لە هەندێک حاڵەتدا دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد، بەلووچ، ئازەریی و عەرەبەکانی ئێران دەکەن.

هەندێک لە خۆپیشاندانەکان، داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن بۆ کورد، بەلووچ، ئازەریی و عەرەبەکانی ئێران

گیانلەدەستدانى ژینا سەکۆیەکی هاوبەشی بۆ ناڕەزایەتییە درێژخایەنەکانی ئەم کەمینانە دامەزراند و وایکرد هەندێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران داوای گۆڕینی ڕژێم بکەن و ئێرانێکی دوای کۆماری ئیسلامی بهێنێتەکایەوە.

لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، روبەڕوبوونەوەی چەکداریی لە نێوان سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و گروپە کوردییەکان رویداوە. لەم دواییانەدا تاران بنکە و بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی لە عێراقی دراوسێی کردووەتە ئامانج و ئەو حزبانەی بە هەوڵی ناسەقامگیری و جیابوونەوە لە ئێران تۆمەتبارکردووە. هەروەها رژێمی ئێران حکومەتی سعودیەی بە هاندەر و دابینکەری سەرچاوەی دارایی گروپە جوداخوازەکانی ناو وڵاتەکەی تۆمەتبار کردووە.

سەرکۆنەى فراوانى ناوخۆیی و دەرەکى دژى هێرشەکانى ئێران

سعودیە و ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ەوە کە دەسەڵاتی پاشایەتی ئێرانی روخاند رکابەری سەرەکی یەکتریی بوون. لەو کاتەدا، ئایەتوڵڵا خومەینی داوای فراوانکردنی شۆڕشەکەی بۆ دەرەوەی ئێران دەکرد، ئەمەش مەترسی بۆ بڕبڕەی پشتی بنەماڵەی شاهانەی سعودیە دروستکردبوو. لەو کاتەوە، روبەڕوبوونەوە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و ریاز بە دیمەنی جیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو لە قەڵەمدراوە.

هەرکام لەم دوو وڵاتە ئەمڕۆ چەندین گروپیان هەیە کە کاریگەری زۆریان لەسەر ناوچەکە هەیە. زۆرینەی گروپەکانی سەر بە ئێران شیعەن و گروپەکانی پەیوەست بە سعودیە سوننەن.

بەشێکی زۆری مێژووی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە رکابەریی نێوان سعودیە و ئێران. ریاز لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، پشتیوانی سەدام حوسێن، سەرکردەی پێشووی عێراقی دەکرد.

ریاز لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، پشتیوانی سەدام حوسێنی دەکرد

لە ساڵی 1982 تاران یارمەتی دامەزراندنی میلیشیای حزبوڵای لوبنان و دابینکردنی بودجە و راهێنانی ئەو ‌‌هێزە چەکدارەیدا، کە لەو کاتەوە تائێستا کۆنترۆڵی بەسەر سیاسەتی لوبناندا زیادی کردووە.

لەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 و روخانی سەدام حسێن، ئێران هەوڵیدا کاریگەری شیعە بەسەر وڵاتەکەدا بسەپێنێت و تائێستاش ئەو ململانێیە لە زۆر رووەوە هەستی پێدەکرێت.

وەستانەوەی سعودیە و ئێران لە دژی یەک لە ململانێکانی دوای بەهاری عەرەبی لە سوریا و یەمەنیشدا رەنگیداوەتەوە. پشتیوانی ئێران لە رژێمەکەی بەشار ئەسەد و حوسییەکانی یەمەن بەردی بناغەی رکابەریی تاران و ریازی ئەمڕۆیە.

هەرچەندە ئەم دوو دەوڵەتە لە ساڵانی نەوەدەکاندا نزیکبوونەوەیەکیان بەخۆوە بینی، بەڵام سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە نێوان ساڵانی 2005-2013، گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەیسی، وەک سەرۆکێکی نەریتخوازی ئێران لە ساڵی 2021، پێشکەوتنەکانی ئەم نزیکبوونەوەیەی سڕییەوە و دواتر هەردووکیان لێدوانی دژ بە یەکترییان چڕتر کردەوە.

لەسێدارەدانی پیاوی ئایینی شیعە بەناوی نەمر ئەلنەمر لە ساڵی 2016 لەلایەن سعودیە بووە هۆی ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئێران هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران و ئەمەش پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی گەیاندە نزمترین ئاست.

هەرچەندە ئێران و سعودیە لە ساڵی 2021ەوە لە عێراق گفتوگۆیان ئەنجامداوە، بەڵام بەشێکی زۆری پەیوەندییەکانیان هێشتا لە ناکۆکیدایە.

پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە هێشتا لە ناکۆکیدایە

محەمەد بن سەلمان لە ساڵی 2017 بە ئاشکرا هەڕەشەی روبەڕوبوونەوەی ئێرانی کرد، بە بردنی شەڕ بۆ نێو تاران و رایگەیاند: “چاوەڕێ ناکەین شەڕەکە لە سعودیە روبدات، بەڵکو کار دەکەین بۆ ئەوەی شەڕەکە بۆ ئەوان بێت لە ئێران.” دوای دوو ساڵ و لە ساڵی 2019 حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە یەمەن بەرپرسیارێتی ‌هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی سعودیەیان لەو وڵاتەدا گرتە ئەستۆ.

لە ئێستادا تاران بە شەڕی راستەوخۆ هەڕەشە لە سعودیە دەکات، سەرۆکی سوپای پاسداران بەهۆی ئەوەی گوایە سعودیە پشتگیری لە چالاکیی تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکەی دەکات، هۆشداری دەدات لەوەی ریاز “باجەکەی دەدات.”

ریاز تائێستا بە بێدەنگی و “وریایانە” وەڵامی تۆمەتەکانی ئێرانی داوەتەوە. لەلایەکی دیکەوە، خۆپیشاندانەکانی ئێران لەلایەن میدیای فەرمی سعودیەوە بە “وردی” روماڵکراوە.

کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ کە لە لەندەنە لەلایەن سعودیە پارەی بۆ دابین دەکرێت، ڤیدیۆ و وێنەی خۆپیشاندانەکانی لە ناوخۆی ئێرانەوە پەخش کردووە و میوانداری کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان، ئەندامە میلیشیاییەکانی دژی حکومەت و جوداخوازە ئازەری و کوردییەکانی کردووە.

لەم نێوەندەدا، رەنگە وا دەربکەوێت کە سعودیە بەدوای لەناوچوونی “رژێمی” ئێراندا وێڵە. شا عەبدوڵڵای سعودیە، بەگوێرەى زانیارییەکانی گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکا، پێش مردنی لە ساڵی 2015، داوای لە ئەمریکا کردووە “سەری مارەکە ببڕێت”، وەک ئاماژەیەک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەڵام هەموو ئەمانە قسەی زارەکین و بەڵگەی زۆر هەیە کە ئیدارەی ئێستای سعودیە بەشێوەیەکی عەقڵانیی کاردەکات کە لە راستیدا ئاواتی روخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناخوازێت، بەڵکو ریاز هەوڵدەدات تاران ئەوەندە لاواز بکات کە بتوانێت بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی خۆی لە جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە پەرەپێبدات. لەوانەش سازشەکانی ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی و وەستاندنی پشتیوانیی بۆ حزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و حەماس لە فەلەستین.

دوو هۆکار هەیە کە داڕمانی تەواوەتی رژێمی ئێران لە بەرژەوەندی ریازدا نەبێت. یەکەمیان پەیوەندی بە ناسنامەی سعودییەوە هەیە. دەسەڵاتی سعودیە بەشێوەیەکی مشتومڕ تەنیا بەهۆی بوونی دەسەڵاتێکی وەک ئێرانەوە بە بەهێزی ماوەتەوە. هەروەک چۆن تاران بۆ زۆر گروپ و وڵات وەک سەرکردایەتی جیهانی شیعە سەیردەکرێت، ریازیش خۆی وەک هێمای سەرکردایەتی سوننە ناساندووە. ئەگەر ئێران لە سەرکردایەتی شیعەگەراییدا نەبێت، ناسنامەی گریمانەکراوی سعودیە وەک پارێزەری سوننەی جیهانی بوونی نامێنێت.

دەسەڵاتی سعودیە  بەهۆی بوونی دەسەڵاتێکی وەک ئێرانەوە بە بەهێزی ماوەتەوە

پاشان مەترسی ئەوە هەیە ئەگەر ناڕەزایەتییەکانی ئێران سەرکەوتوو بن و ببنە هۆی لەناوچوونی کۆماری ئیسلامی، دەکرێت کاردانەوەی ناوچەیی هاوشێوەی بەهاری عەرەبی لە هەندێک دەوڵەتی عەرەبی و بەتایبەتی کەنداودا دەستپێبکات. پێشینەیەکیش بۆ ئەمە هەیە؛ ناڕەزایەتییەکانی بزوتنەوەی سەوزی ئێران لە ساڵی 2009دا وەک پێشەنگێک بوو بۆ بەهاری عەرەبی، کە دوو ساڵ دواتر سەریهەڵدا. لەو کاتەدا دەوڵەتانی کەنداو – بەتایبەتی سعودیە – شەڕێکی زۆریان دەکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکانیان. ریاز بە تێکەڵەیەک لە رێوشوێنی ئابوری و سیاسی و ئەمنی وەڵامی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دایەوە کە شیعەکانی تێدا نیشتەجێیە. مەترسیەکە لە بەحرەین زیاتریش بوو: هەر بۆیە کۆمەڵێک دەوڵەتی کەنداو بە سەرۆکایەتی سعودیە هێزیان نارد بۆ وەستاندنی ناڕەزایەتییەکان  کە لەلایەن شیعەکانەوە سەرکردایەتی دەکران. ئەمڕۆش ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئێران بە هەمان شێوە دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ ژنان لە سەرانسەری سعودیە و کەمینە شیعەکانی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

بەدوور دەزانرێت کە کەوتنی حکومەتە دینییەکەی ئێران بۆ داهاتووی حوکمڕانی لە ئێراندا چ مانایەکی هەبێت. ئەگەر سەرکردە شیعەکان لە پۆستەکانیان دوربخرێنەوە، پێدەچێت وڵاتەکە یان لەلایەن سەرکردایەتی سەربازیی سوپای پاسدارانەوە بەڕێوەبچێت یان وەک سوریا یان لیبیا پارچە پارچە دەبێت.

ئەم دابەشبوونە دەتوانێت فۆڕمی جیاواز وەربگرێت، حکومەتی رکابەر دروست بکات، وەک لە دۆخی تەرابلوس و بنغازی لە لیبیا یان خاکی ئەو ناوچەیە بە درێژایی هێڵە نەتەوەییەکان دابەشبکات.

لە سیناریۆی یەکەمدا، رەنگە دوای ئەوە وڵاتەکە توشی پێکدادان بێت لەسەر دەسەڵات لەنێوان ئەو گروپانەی کە ئێرانی کۆمارییان پێ باشترە و ئەوانەی داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی دەکەن کە لە ساڵی 1979 کۆتایی پێهات. هەر سیناریۆی دوومیشە رەنگە وڵاتەکە لەنێوان دەوڵەتانی دراوسێ، کە دانیشتووانە رەسەنەکانی کورد، عەرەب، ئازەریی و بەلوچی دەگرێتەوە، دابەش ببێت.

هەر یەکێک لەم دوو حاڵەتە کاریگەریی ئەمنی جددی لەسەر ریاز و ناوچەی فراوانی کەنداو دروستدەکات. ئێران بە هێزی سەربازی دەتوانێت روبەڕوی ریاز بێتەوە.

چەند رۆژێک دوای ئەوەی سوپای پاسداران لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو هەڕەشەی لە سعودیە کرد، ریاز واشنتنی ئاگادارکردەوە کە زانیاری هەواڵگری پێگەیشتووە کە ئێران خۆی بۆ لێدانی شانشینی سعودیە ئامادەدەکات. هەرچەندە هێرشەکە روینەدا، بەڵام هێرشەکانی ئارامکۆی سعودی لە ساڵی 2019ی ئەو مەترسییەکی لای ریاز دروستکردبوو.

بەهاری عەرەبی دەوڵەتە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەک سوریا و لیبیا پارچە پارچە کرد و یارمەتی لەدایکبوونی گروپە “تیرۆریستییەکان”ـی وەک داعشی دا کە ناوچەکەیان ناسەقامگیر کردبوو.

ئەگەر تاران لاواز بێت، دەکرێت شتێکی هاوشێوە لەگەڵ لایەنە جوداخوازەکانی ئێراندا روبدات. ئەمەش رەنگە مەترسی و گێژاو لە کاتێکدا دروست بکات کە وڵاتانی کەنداو پەرە بە پڕۆژە گەورەکانیان دەدەن بۆ هەمەچەشنکردنی ئابورییەکانیان و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی وزە کە ئەمەش پێویستی بە سەقامگیرییەکی زۆر هەیە لە ناوچەکەدا.

سەرەڕای پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپە چەکدارە ناوچەییەکانی وەک حزبوڵڵا و حوسییەکان، رژێمی تاران هەوڵدەدات هاوسەنگی لەنێوان کاریگەرییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا لە بەرامبەر دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و سوپای ئەمریکادا بپارێزێت. رەنگە داڕمانی تەواوەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان لاواز بکات، بەڵام دەشێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی مەترسی زیاتر بۆ سەر ریاز و دراوسێکانی.

سعودیە پێی باشترە هێواش هێواش ئێران سەرکوت بکات

بەبێ هەبوونی دەسەڵاتێکی پاڵپشتیکار، ئەندامانی ئەم گروپانە دەتوانن ببنە بەکرێگیراو و وەک “گورگی هار” ناوچەکە زیاتر ناسەقامگیر بکەن و ئەم جۆرە لە ناساقامگیرییە بزوتنەوەی سەرکردایەتی شیعە لە ناوچەکەدا گەنجتر بکاتەوە.

سعودیە لەبری ئەوەی ئاگری داڕمانی ئێران خۆشتر بکات، لەئێستادا پێی باشترە هێواش هێواش ئێران سەرکوت بکات بەبێ ئەوەی هەرگیز بەشداری لە روبەڕوبوونەوەی سەربازی راستەوخۆدا بکات.

لە کاتێکدا تاران سەبارەت بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، هاوکاریکردنی روسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکراین و رێککەوتنی ئەتۆمی نائارام روبەڕوی ناڕەزایەتییەکانی جیهان دەبێتەوە، ریاز کار لەسەر ئەو بیرۆکەیەی خۆی دەکات.

محەممەد بن سەلمان دەیەوێت ئێران ئەوەندە لاواز بێت کە سود لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کاریگەییە ناوچەییەکەی ببینێ، بەڵام تارانێکی تەواو ناسەقامگیر، زیاتر زیان بە شانشینەکەی دەگەیەنێت نەک سود.

هەواڵی زیاتر

Back to top button