لە 26 رۆژدا 55 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون

مەترسی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان لەسەر 107 کەس هەیە

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، لەم مانگەدا 55 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و ژمارەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەش لە 490 کەس نزیک بووەتەوە.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەى لە ڤیەننای پایتەختی نەرویجە، ئامارێکی نوێی لەبارەی لەسێدارەدان و کوشتنی خۆپیشاندەر و چالاکوانانی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە بڵاوکردەوە.

ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە گەیشتۆتە 488 کەس

بەگوێرەی ئامارەکە، لە ماوەی 26 رۆژی رابردوودا، 55 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارە دراون. هەروەها لە ئامارەکەدا هاتووە کە مەترسی سزای لەسێدارەکان لەسەر 107 کەسی دیکە هەیە.

رێکخراوەکە دەڵێت، ئەو زیندانیانەی کە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە، 24 کەس خەڵکی تاران، 23 کەس خەڵکی سیستان و بەلوچستان، 21 کەس خەڵکی مازندەران، نۆ کەس خەڵکی ئەسفەهان، حەوت کەس خەڵکی ورمێ، حەوت کەس خەڵکی گیلان، چوار کەس خەڵکی ئەلبورز، سێ کەس خەڵکی فارس، سێ کەس خەڵکی چارمەهال و بەختیاری، دوو کەس خەڵکی تەورێز، کەسێک خەڵکی کرمانشان، کەسێک خەڵکی سنە و کەسێکیش خەڵکی خوڕاسانی رەزەوین.

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێراندا هاتووە، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووە کە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تارانی پایتەختی ئێران کە پۆلیسی ئەخلاق بە کوشتنی تۆمەتبار کراوە و تاوەکو ئێستا، 488 کەس کوژراون. لەو ژمارەیەکش 39 کەس ژن و 64 کەسیش منداڵن.

کوژراوەکانیش خەڵکی 25 پارێزگای ئێران کە ئامارەکە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە

سیستان و بەلوچستنا 132 کەس، تاران 58 کەس. ورمێ 54 کەس، سنە 52 کەس. مازندەران 39 کەس، گیلان 25 کەس، کرمانشان 24 کەس، ئەسفەهان 14 کەس، خوزستان 13 کەس، فارس 13 کەس، خوراسانی رەزەوی حەوت کەس، تەورێز چوار کەس، زەنجان سێ کەس، لوڕستان سێ کەس، مەرکەزی سێ کەس، قەزوین سێ کەس، هەمەدان دوو کەس، کەهکیلۆیێ و بویرئەحمەد دوو کەس، ئیلام دوو کەس، ئەردەبیل دوو کەس، بوشەهر دوو کەس، هورموزگان دوو کەس، سمنان کەسێک و گوڵستان کەسک.

هەواڵی زیاتر

Back to top button