چین.. زەبەلاحە نەرمەکەی جیھان

 

کێشە سەربازییەکانی لەگەڵ تایوان و تا رادەیەک ھۆنگ کۆنگی لێدەربکە، دەتوانین بڵێین، چین نەرمترین زەبەلاحی جیھانە، کە ھەر بە بێ دەنگی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی جیھانە.

دوای ١٠١ ساڵ لە دامەزراندنی، حزبی شیوعی چین کە پارتی کۆمۆنیستی چین-یشی پێدەوترێت، لە رێی ٢٠مین کۆنگرەیەوە، خۆی ئەپدەیت دەکاتەوە. دەیەوێت تیۆر و فیکری، پلان و ستراتیژیەتی، ململانێ و ناکۆکییەکانی سەرلەنوێ لەگەڵ سەردەمی نوێدا دابڕێژێتەوە.

کاتێک باسی جەمسەرگیریی جیھان دەکرێت، راستەوخۆ ئەمریکا و روسیا دێنە بەر گوێ، بێ ئاگا لەوەی چین زەبەلاحترین بێدەنگی ئەم جیھانەمانە و خولانەوەیەکی تەواوەتی بەدەوری گۆی زەویدا کردوە و ھەمووانی تێپەڕاندوە.

ئەو چین-ەی ئەمڕۆ بۆتە رکابەرە ترسناکەکەی جیھانیی سەرمایەداریی رۆژئاوا، پارتی کۆمۆنیستی لەپشتەوەیە، کە ئەمڕۆ بە نزیکەی ٩٧ ملیۆن ئەندامەوە، ٢٠ەمین کۆنگرەی ھەر بەبێدەنگی دەستپێکرد.

ئەگەر ئەمریکا و روسیا ھێزی سەربازیی و چەکی ئەتۆمی و ھەژمونی ھێزیان ھەبێت لە وڵاتە جیاوازەکاندا، ئەوا چین ھەم سەربازی ھەیە و ھەم ئەتۆم، بەڵام ھێزە ئابورییەکەی تۆقێنەرە و لەگەڵ ئەمریکادا شان لە شانی یەکتر دەدەن.

ئەگەر ئەمریکا بۆی ھەبێت بچێتە بازاڕی ھاوپەیمانەکانی و بە زەحمەت نەیارەکانی ببڕێت، ئەوا چین ھەر بە بێدەنگی و دوور لە ژاوەژاو، دەچێتە ھەموو قوژبنێکی ئەم جیھانەوە، لەلایەکەوە بەرھەمەکانی بازاڕی ئەمریکای داپۆشیوە و لەلایەکیشەوە ئەوروپا، ئەوا لە ئاسیا بگەڕێ، کە بە وڵاتی خۆشمانەوە ھەموو شتێکمان تا رادەیەک چینییە. لەولاشەوە لە رێی وەبەرھێنانەوە چۆتە ئەفریقا و بیابانی بەرفراوان و خاکە وشەکەکەی کیشوەری رەش دەبوژێنێتەوە. لەوێوە ھەم بەرھەمھێنان دەکات و ھەم ھەژمونی خۆی زیاد دەکات.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشبینی دەکات، لە دوو دەیەی داھاتودا، گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم ئەمریکادا، پاوانخوازییەکانی چین دەبێت.

بەگوێرەی ریزبەندیی ساڵانەی گۆڤاری (سى، ئى، ئۆ وۆڵد) لە ٢٠٢١دا ئەمریکا وەک یەکەم ھێزی ئابوری و سەربازیی لەسەر ئاستی جیھان دیاریکراوە، پاشان چین بە پلەی دووەم دێت و دواتریش روسیا لە پلەی سێیەمدایە.
بنەمای دیاریکردنی بەھێزترینی جیھانیش لەسەر ٧ ئاست دەوەستێت، کە بریتین لە: سەقامگیریی سیاسی، کاریگەریی ئابوری، بودجەی بەرگری، چەکی دەوڵەت، ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی، نەرمە ھێز و ھێزی سەربازی.

لێرەش لە ھەرێمی کوردستان، ساڵێک لەمەوبەر ( لی چنگ شنگ ) کۆنسوڵی بازرگانیی چین لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: ھەرێمی کوردستان بەشێک بوە لە رێگای مێژوویی بازرگانیی ئاوریشمی.
وتیشی: عیراق و ھەرێمی کوردستان، بەشێکن لە “دەستپێشخەریی یەک پشتێنە، یەک رێگا”ی چین، کە بە “رێگای ئاوریشمیی نوێ” ناسراوە.

لەو روانگەیەوە، ساڵانە بە بەھای نزیکەی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵا لە چینەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت. زەبەلاحترین وەبەرھێنانیشی لە ھەولێر دەبێت، کە پرۆژەیەکی ٥ ملیار دۆلارییە و خۆی لە کۆمەڵگەیەکی بازرگانی، نیشتەجێبون و گەشتیاریدا دەبینێتەوە.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button