تورکیا سەردانی وەزیری بەرگری سوید بۆ ئەنقەرە هەڵدەوەشێنێتەوە

"بەهۆی خۆپیشاندانی کوردانی سویدەوە بووە"

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، بەهۆی بێدەنگی حکومەتی سوید لە بەرامبەر ئەو خۆپیشاندانانەی لەو وڵاتەدا دژی تورکیا دەکرێت، سەردانی پاڵ جۆنسۆن، وەزیری بەرگری سوید بۆ هەڵدەوەشێنینەوە.

خولوسی ئاکار لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە باڵەخانەی رامستینی ئەڵمانیا ئاماژەی بە پەیوەندیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سوید کرد، کە لەم دواییانەدا بەهۆی چەند خۆپیشاندانێکی کوردانی ئەو وڵاتە ئاڵۆزی تێکەوتووە.

وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکاندا کە دژی تورکیا ئەنجامدراون، بوکەڵەیەک لە هاوشێوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورک بە قاچ بە ستونێکەوە هەڵواسرا و گوتی “بێدەنگی سوید لەبەرامبەر ئەو کردەوەیە قبوڵ ناکرێت، پێویستە رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر”.

خولوسی ئاکاری دەڵێت، سوید لە بەرامبەر سوکایەتیکردن بە سەرۆککۆمارى تورکیا بێدەنگە، بۆیەش هیچ واتایەکی بۆ ئەوە نەماوە کە پاڵ جۆنسۆن، وەزیری بەرگری سوید لە رۆژى 27ى ئەم مانگەدا سەردانی تورکیا بکات.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ستیفان هیرسترون، باڵیۆزی سویدی لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، بانگهێشتکردنی هیرسترون پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی کوردانی سویدەوە هەیە و داوای لێکراوە کە پێویستە حکومەتەکەی رێگری لەو جۆرە خۆپیشاندانانە بکات.

سوید و فینلەندا لە مانگى ئایارى ساڵى رابردووەوە هەوڵەکانیان بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوى ناتۆ دەستپێکردووە، بەڵام تورکیا کە خۆى ئەندامى رێکخراوەکەیە، ڤیتۆى لەسەر ئەندامبوونى هەردوو وڵات داناوە و لە بەرامبەر رازیبوونیدا داواى رادەستکردنەوەى دەیان کەس و داخستنى بارەگاى ئەو گروپ و رێکخراوانە دەکات کە لە سوید و فینلەندان و تورکیا بە پشتیوانى “تیرۆر” تۆمەتباریان دەکات، کە مەبەست لێى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) و بزوتنەوەى فەتحوڵا گولەنە.

یوسی هالا ئاهۆ، سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فینلەندا چەند رۆژ لەمەوبەر بە رۆژنامەی هێلسنکی تایمزى راگەیاندووە، لەگەڵ بەرپرسانی سوید کۆبوونەوەتەوە و گوتویانە دەستیان بەو 130 کەسە نەگەیشتووە کە ئەردۆغان داواى رادەستکردنەوەیان دەکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button