پەرلەمانی ئەوروپا سوپای پاسدارانی خستە “لیستی تیرۆر”ەوە

ئێران هۆشکدارى دەداتە یەکێتى ئەوروپا

پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی رەشی “رێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە” ئێرانیش هۆشداریدایە یەکێتی ئەوروپا، کە ئەو هەنگاوە نەنێن.

ئەم بڕیارەی یەکێتی ئەوروپا دوای ئەوە دێت، کە رۆژی دووشەمەی رابردوو، نزیکەی 12 هەزار کەس لە ستراسبۆرگ و لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا گردبونەوە، داوایان کرد وڵاتانی ئەوروپاش هاوشێوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سوپای پاسداران بخەنە نێو لیستی “رێکخراوە تیرۆریستیەکان” رۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا چوو بۆ دیداریان و پشتگیری لێکردن.

خۆپیشاندەران داوایان کرد، سوپای پاسداران بخرێتە لیستی “تیرۆر”

STRASBOURG, FRANCE- JANUARY 16: People take part in a rally against the Iranian regime in front of the European Parliament in Strasbourg, eastern France on January 16, 2023. (Photo by Sathiri Kelpa/Anadolu Agency via Getty Images)

دیدێر ریندەرز، کۆمیساری دادپەروەری ئەوروپا، رۆژی سێشەممە لە میانی دانیشتنی پەرلەمان رایگەیاند “گرەنتی ئەوە دەدەم، هەموو ئەو بژاردانەی رێگە بە ئەوروپا دەدات وەڵامی روداوەکانی ئێران بداتەوە، لەسەر ئەم مێزە کراوە دەبێت”.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانتارە ئەوروپیەکان، داواکارییەکان دوپات بکەنەوە لە چوارچێوەی راپۆرتێک لەسەر وەڵامدانەوەکانی ئەوروپا، بۆ لەسێدارەدان و توند و تیژی دژی خۆپیشاندەران لە ئێران.

بڕیارە ئەمڕۆ، داواکارییەکە دوپات بکرێتەوە

لە داواکارییەکەی پەرلەمانی ئەوروپا، داواکراوە عەلی خامەنەئی، رێبەری باڵای شۆڕى ئیسلامى ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێران و پەرلەمانتارانی ئێران بخرێنە لیستی سزاکانی ئەوروپاوە.

لەبەرامبەردا ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریدا بە یەکێتی ئەوروپا، کە سوپای پاسداران نەخەنە ناو لیستی “رێکخراوە تیرۆریستیەکان”.

داواکەی یەکێتی ئەوروپا دوای خۆپیشاندانەکانی ئێران و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانە

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تارانی پایتەختی ئێران رۆژى 17ی ئەیلولی 2022 دەستپێکرد و زیاتر لە چوار مانگە بەردەوامە.

بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی هەواڵی هەرانا، تاوەکو ئیستا لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، 520 کەس کوژراون، کە زیاتر لە 70 کەسیان منداڵن. هەروەها نزیکەی 140 کەس لە کوژراوەکانیش کوردن.

تاوەکو ئێستا نزیکەی 30 هەزار کەس دەستگیرکراون، 7 خۆپیشاندەر لەسێدارەدراون، مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر زیاتر لە 100 کەسی دیکە هەیە.

یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر ئێران دەسەپێنێت

هەواڵی زیاتر

Back to top button