دەمیرتاش بۆ کلچدارئۆغلو: ئۆپۆزسیۆن کۆبکەرەوە

سەلاحەدین دەمیرتاش ئاماژە بە پێویستی کارکردنی هاوبەشی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا دەکات و جەهەپەی وەک بەرپرسیاری کۆکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن ناوهێناوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان، کە زیاتر لە شەش ساڵە لە زیندانی ئەدرنەدایە، تویتێکی لەبارەی دۆخی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا  و ئەرکی لایەنەکان لەم قۆناغەدا بڵاوکردەوە.

ئەو دەڵێت، لەکاتێکدا کە ئەو لایەنانەی چاویان بڕیوەتە ئیرادەی گەل کۆدەبنەوە، پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش، بە مەبەستی بەرقەرارکردنی ئاسایشی هەڵبژاردن لە دەوری یەکدی کۆببنەوە.

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا سەلاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکردووە پێویستە پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) کە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکایەتی دەکات، پێشەنگایەتی ئەو رەوتە بکات و لایەنەکان کۆبکاتەوە و گوتی، “ئەگەری هەیە جەهەپە ئامادەکاری ئەمەشی کردبێت.”

بانگەوازی دەمیرتاش لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا نێوانى شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن (هاوپەیمانی گەل) لەگەڵ هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان (هەدەپە و لایەنە چەپ و سۆسیالیستەکان)، هیچ نزیکبوونەوەیەک نابینرێت، کە کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری بکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button