لە نیپاڵ فڕۆکەیەک بە 72 سەرنشینەوە دەکەوێتە خوارەوە و “روون نییە چەند کەس رزگاری بووە”

لە 30 ساڵدا 30 رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە لە نیپاڵ تۆمارکراوە

زووم، ئاژانسەکان:

فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2023) لە نیپاڵ کەوتەخوارەوە، فرانس پرێس دەڵێت، فڕۆکەکە 68 سەرنشین و چوار ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی تێدابووە.

تیمەکانی فریاگوزاریی چوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام تاوەکو نازانرێت چەند کەس رزگاریان بووە.

فڕۆکەکە لە نێوان هەردوو فڕۆکەخانەی پۆخارای کۆن و تازەدا لە ناوەڕاستی نیپاڵ کەوتووەتە خوارەوە.

بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان، فڕۆکەکە پاش کەوتنەخوارەوەی ئاگری گرتووە. خەڵکانێکی زۆر لە شوێنی رووداوەکە دیمەنەکانیان تۆمارکردووە.

فڕۆکەکە لە جۆری ئەی تی ئاڕ 72 بووە، سەر بە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی “یێتی”، لە پایتەختی نیپاڵەوە گەشتەی دەستپێکردووە بەرلەوەی بکەوێتە خوارەوە.

نیپاڵ، یەکێکە لە وڵاتە هەژارەکانی نیمچەدوورگەی هیندی لەنێو چیاکانی هیمالایا لە باشووری کیشوەری ئاسیا، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاترە لە 30 ملیۆن کەس، پێشتر یەکێتیی ئەوروپا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ نیپاڵ راگرتبوو “بەهۆکاری نەبوونی سەلامەتی”.

پۆخارا، کە فڕۆکەکەی تێدا کەوتووەتە خوارەوە، شارۆچکەیەکی گەشتیاریی قەرەباڵغە و نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای کاتماندۆی پایتەختەوە دوورە.

نیپاڵ یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی تێدا تۆماردەکرێت، لە 30 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 30 حاڵەت تۆمارکراون.

دوایینجار لە مانگی ئایاردا بوو، کاتێک فڕۆکەیەکی کۆمپانیای تارا ئایر کەمتر لە 20 خولەک دوای بەرزبوونەوەی لە شاری پۆخارا، بەرەو جۆمسۆم کە شوێنێکی بەناوبانگی گەشتیاری و زیارەتکردنە لە قەزای موستانگی هاوسنووری تبت، کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە 22 کەس گیانیان لەدەستدا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button