یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر ئێران دەسەپێنێت

40 کەسایەتی و ناوەندی دەوڵەت سزادەدرێن

هاوکات لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشادانەکانی ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان و دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی چالاکوانان، یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات، سزای نوێ بەسەر 40 کەسایەتی و ناوەندی دەوڵەتی ئێراندا بسەپێنێت.

رۆژنامەی ئێتێمادی ئێران لە ژمارەی ئەمڕۆ 14ی کانونی دووەمدا رایگەیاند، بەهۆی سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیەوە، یەکێتی ئەوروپا گفتوگۆ لەبارەی سزای نوێ بەسەر دەوڵەتی ئێران دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی پولیتیکۆی ئەمریکی رایگەیاند، دۆسیەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لە 27 لاپەڕە پێک دێت و 40 کەسایەتی و ناوەندی سەر بە دەوڵەتی ئێران دەگرێتەو.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوەکردووە کە 17 کەسایەتیە بریتین لە ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی شارە جیاوازەکانی سەر بە سوپای پاسداران، پەرلەمانتارێک و بەرپرسێکی پایەبەرزی راگەیاندنی ئێران.

هەروەها بەشێک لەبەرپرسانی پێشووی سوپای پاسدارانیش لە دۆسیەکەی یەکێتی ئەوروپادا ناویان هاتووە کە بەگوێرەی زانیاریەکانی رژنامەی پولیتیکۆ، دەستێکی باڵایان لە کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەراندا هەبووە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش ئاژانسی ئەسوشێتد پرێس لە زاری ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاندبوو کە پاکێجێکی دیکەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لەدژی ئێران ئامادە دەکرێت.

کوشتن، دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی چالاکوانانی خۆپیشان و ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی ئێران، کاردانەوەی توندی کۆمەڵگەی نێودەولەتی بەدوای خۆیدا هێناوە و چەندین رێکخراو و وڵات داوا دەکەن، سوپای پاسداران بخرێتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە.

بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی هەواڵی هەرانا، تاوەکو ئیستا لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، 520 کەس کوژراون کە زیاتر لە 70 کەسیان منداڵن. هەروەها نزیکەی 140 کەس لە کوژراوەکانیش کوردن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button