چیت پێویستە بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێتی ستارلینک؟ تایبەتمەندییەکانی چین؟

 

ستارلینک بەشێکە لە سپەیس ئێکس، ساڵی 2015 دامەزراوە، تایبەتمەندە لە بواری خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پشت بە مانگی دەستکرد دەبەستێت.

مانگە دەستکردەکانی ستارلینک 550 کیلۆمەتر لە زەوییە دوورن، یەکەم مانگی دەستکردیان لە 2018 رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە، تاوەکو ئێستا ژمارەکە گەیشتووەتە 3000 مانگی دەستکرد

ئینتەرنێتی ستارلینک لە 40 وڵات کارایە، بەگوێرەی پلانەکە لە کۆتایی 2023 ئینتەرنێتەکە دەگاتە هەموو جیهان.

بۆئەوەی سوود لە ئینتەرنێتی ستارلینک وەربگریت پێویستت بە چەند شتێک دەبێت:

یەکەم: پێویستە مانگی دەستکردی ستارلینک لە ئاسمانی وڵاتەکەت جێگیرکرابێت

دووەم: پێویستت بە ئەنتێن دەبێت کە هاوشێوەی سەحنی سەتەلایتە و دەتوانیت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بیگوازیتەوە

سێیەم: پێویستت بە راوتەرێک دەبێت کە بە ئەنتێنەکەوە دەبەسترێت

چوارەم: پێویستت بە 100 وات وزەی کارەبا دەبێت، واتە هێندەی داگیرساندنی گڵۆپێک

پێنجەم: ئەو کەسەی دەیەوێت ئینتەرنێتی ستارلینک بەکاربهێنێت، پێویستە ئەنتێن و راوتەرەکە بکرێت کە نرخیان لە ئێستادا دەگاتە ٦٠٠ دۆلار

شەشەم: بەشداریکردنی مانگانەی هەیە و نرخەکەی ١١٠ دۆلارە

لەهەمووی گرنگتر بریتییە لە خێراییەکەی، کە 50 بۆ 200 مێگابایتە لە چرکەیەکدا، ئەمەیش نزیکەی شەش هێندەی ئەو خێراییەیە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەستە.

لە شوێنە بازرگانییەکانیش خێراییەکەی دەگاتە 350 مێگابایت لە چرکەیەکدا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button